هەڵەبجە سونبوڵى گەلێكى ستەمدیدەیە یان ناوێكە بۆ بەكارهێنان
من خۆم هەڵەبجەییم و لەوێ لەدایك بووم و تەمەنێكیشم هەر لەو شارە بەسەر بردووە كەهەڵەبجە لەو ڕۆژگارەدا وەكو مۆمى درەوشاوەى خەباتى گەلەكەمان ڕەنگى خۆى هەبوو تەمەنى لاوێتیم تیا بەسەر بردووە و پێشمەرگایەتى و ڕێكخستنم تیا كردووە، هەربۆیە لەناخەوە خۆم بەهەڵەبجەیى دەزانم و ئازارى هەڵەبجەییەك وەك ئازارى خۆم هەستى پێ دەكەم.


لە مێژووى خەباتى گەلەكەماندا و سەرەتاى سەرهەڵدانى هەموو شەپۆلێكى خەبات هەڵەبجە یان دەست پێش خەر بووە یان گورزى كاریگەرى بەركەوتووە، ئەوەیش تەنیا لە هەڵوێستى جوامێرانە و ئازایەتى و دڵسۆزى دانیشتوانەكەیەوە بووە. نزیكى لە سنووریشەوە فەرامۆش ناكرێت و بگرە زۆربەى حیزب و لایەنەكان هەر لە هەڵەبجەوە یان سەرى هەڵداوە یان بەهێزكراوە، من نامەوێت شیعرێك بۆ هەڵەبجە بنوسم یان تەنیا وەك ڕەمزێك یادى بكەمەوە نامەوێت هەڵەبجە تەنیا وەك گۆرانیەك بەكار بهێنم كە هەستێكى كاتیم ببزوێنێت، بەڵكو دەمەوێت بیكەمە سونبوڵ و هێماى ئازارى گەلێك و بیكەمە یادێكى نەبڕاوەى شەهید كردنى مرۆڤ و كەسانى بێ پشتیوان.
ڕاستە كە كاریگەریترین كارەسات ڕۆژى ١٦ / ٣ / ١٩٨٨ بوو كە فڕۆكەكانى زوڵم و دیكتاتۆریەتى سەردەستە نەتەوەپەرستەكانى بەعس بە چەكى كیمیاوى شارەكەیان خنكاند، بەڵام لە پێش ئەو ڕۆژەیشەوە چەند جارێكى تر وێرانكراوە و گورزى كوشندەى بەركەوتووە و تەنیا بەهۆى نەبوونى پشتیوانى و بێ كەسییەوە كەمتر باس دەكرێت، ڕەنگ بێت مێژوو لەیادى بێت كە لەلایەن ئینگلیزەكانەوە لەكاتى سەركوتكردنى حكومەتە ساواكەى شێخ مەحمووددا بۆمبابارانیان كرد و مێژوو بێوەفا دەبێت ئەگەر زەعیم سدیق و هێرشە دڕندانەییەكەیى بۆ سەر هەڵەبجە لەلاپەڕەكانى خۆیدا وون بكات كە هەڵەبجەییەكان هەروەك دایكم بۆى دەگێڕامەوە لەناوەڕاستى شاردا دەبوون بەژێر تایەو زنجیرى دەبابەكانى زوڵم و زۆردارەكانى ئەو دەمەى نەتەوەپەرستەكانى سەردەستە. من خۆم لەیادمە لە١٩٧٤ دا كە ماڵمان لە چوارباخ بوو لەسلێمانى و باوكم هاتەوە و زۆر شپرزە بوو و بەدایكمى ووت هەڵەبجەیان بۆردومان كردووە و هاوار و قیژەى دایكـم منیشى خستە گریان و دەمویست وەك ئەو بگریم بەڵام نەمدەتوانى یان نەمدەزانى چونكە تەمەنم كەم بوو و كاتێكیش بۆ بەیانى چووین بو هەڵەبجە بەچاوى خۆم بینیم چاڵێكى گەورە لەبەردەم باخى گشتیدایە كە جێگەى ناپاڵم بوو و ئاوى تیابوو و نابێت و ناكرێ كەمێژوو لەیادى نەبێت كە پتر لە ٧٠ كەس شەهید بوون و ماڵ و حاڵیشیان وێرانكرا.
بۆ دوا جاریش لە بەهارى ٨٨ دا شەهید كرا، پاش چەند جار بریندار بوون وەك پێشمەرگەیەكى قارەمانى گەلەكەمان بەڵام جیاوازیەكەى تەنیا ئەوەبوو كە هەڵەبجە پێشمەرگەى هەموو حیزبەكان بووە نەك تەنیا یەك حیزب و یەك بۆچوون هەربۆیە هەموومان بە هەموو لایەنێكەوە قەرزارى هەڵەبجەین و بەرهەمى ئێستامان بەبێ هەڵەبجە نەدەبینرا، خەباتى گەلەكەمان بەبێ هەڵەبجە پێگەى نەدەبوو، كەواتە با تەنیا وەك بیركردنەوەیەك نەبێت كە لە كاتێك و ساتێكى دیارب كراودا سەردانى بكەین كە هەستى خاوەن شەهید و دایك و باوك و خوشك و برایانى شەهیدان بكولێنینەوە و وا نەزانرێت كە تەنیا هۆیەكى گیرفان پڕ كردنە. ئێمە گەلێكین كە وەفادارین با بیسەلمێنین و تەنیا لە هەڵەبجەوە بۆ هەموو لایەك دەردەكەوێت كە خزمەتى خۆمان دەكەین من چى بكەم لە مۆمێك كە تەنیا لە كاتى شەهیدكردنیدا دایبگرسێنن من نامەوێت تەنیا بۆ برین كولاندنەوە یادى شارەكەم بكرێتەوە، هەرچەندە دڵنیام كە لایەنە سیاسیەكانى كوردستانیش دەیانەوێت خزمەت بكەن بەڵام خزمەتى ڕاستەوخۆ و خێرامان دەوێت. من برام شەهید بوو لەوێ دایكـم بریندار و پەككەوتەى كیمیاوى بوو تا شەهیدیش بوو نەیدەتوانى‌ بەئاسانى‌ هەناسە بدات. یادم ناوێت كە تەنیا ئازارم بیر بهێننەوە یادێكم دەوێت كە ببێتە سونبوڵى خەباتى گەلەكەم، باڕازاوە بێت هەڵەبجە، با سەربەرز بێت هەڵەبجە، با بژى هەڵەبجە..